منداڵێکی فەلەستینیی شەش ساڵان لە ئەمریکا 26 چەقۆی لێ درا و کوژرا

ishraq

ئیشراق 
منداڵێکی موسڵمانی تەمەن شەش ساڵ لە ئەمریکا لەلایەن خاوەن خانووەکەیانەوە بە چەقۆ کوژرا و دایکیشی بریندارکرا. پۆلیس دەڵێت، چەقۆوەشێنەکە دەستگیرکراوە و رووداوەکەش پەیوەندیی بەوەوە هەیە، ئەو خێزانە فەلەستینین.

 
پۆلیس هەروەها دەڵێت، "ئەنجامدەری تاوانەکە هێرشی کردووەتە سەر ئەو خێزانە، چونکە موسڵمانن و خەڵکی فەلەستینن. ئەو کەسە دەبردرێتە دادگە و بە تۆمەتی کوشتن و بریندارکردن و رەگەزپەرستی، دادگایی دەکرێت."
 
رووداوەکە لە شارۆچکەی پلەینفیڵد لە دووری 64 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای شاری شیکاگۆی ویلایەتی ئیلینۆی روویدا، دوای ئەوەی پیاوێکی تەمەن 71 ساڵ بەناوی جۆسێف سیزوبا بە چەقۆ هێرشیکردە سەر کرێچییەکانی خۆی کە منداڵێکی تەمەن 6 ساڵ و دایکە تەمەن 32 ساڵەکەی. هەردووکیان بە برینداری گوێزرانەوە نەخۆشخانە، بەڵام کوڕەکە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
 
پۆلیسی ناوچەکە دەڵێت، "دوای ئەوەی دایکی منداڵەکە پەیوەندی بە هێڵی گەرمی 911ـەوە کرد، تیمەکانمان دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و هەر لەوێ ئەنجامدەری تاوانەکەیان دەستگیرکرد و بەپەلە هەردوو بریندارەکەیان گواستەوە نەخۆشخانە. لە توێکاریدا دەرکەوتووە کوڕەکە 26 چەقۆی بەرکەوتووە و دایکیشی هێشتا لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکییدایە. ژنەکە پێی راگەیاندین، شەڕێکی زۆری لەگەڵ چەقۆوەشێن کردووە و رایکردووەتە نێو گەرماوەکە بۆ ئەوەی دەرفەتی پەیوەندیکردنی بە پۆلیسەوە هەبێت."
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەوبارەوە گوتی، "بەتووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە ناڕەوایە دەکەم. ئەو خێزانە فەلەستینییە روویان لە ئەمریکا کرد بۆ ئەوەی پەنایەکیان هەبێت تاوەکو بە ئاسوودەیی بژین، فێربن و نوێژ بکەن."
 
جۆ بایدن گوتیشی، "ئەم کارە پڕ لە رق و کینەیە لە ئەمریکا جێگەی نابێتەوە و دژی بەهایەکی بنچینەیی ئێمەیە کە بریتییە لە ئازادی لەوەی ئێمە کێین و چۆن نوێژ دەکەین. داوا لە هەموو ئەمریکییەکان دەکەم دژی ئیسلامۆفۆبیا بووەستنەوە."

زۆرترین خوێندراو

Copyright © 2017 Eshraqtv all rights reserved Created by AVESTA GROUP